خوشكان- ئافره‌ت له‌ به‌هه‌شت چی پێ‌ ئه‌بڕێت؟ « گه‌ل گۆرانكاری - galu Goran kare
تایبتبه‌ به‌شه‌كانی ماڵپه‌ری (گه‌ل و گۆرانكاری)

خوشكان- ئافره‌ت له‌ به‌هه‌شت چی پێ‌ ئه‌بڕێت؟


جار ئه‌م بابه‌ته‌ بینراوه‌

ئافره‌ت له‌ به‌هه‌شت چی پێ‌ ئه‌بڕێت؟
گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ كاتێ‌ ئه‌بیسین و ئه‌یخوێنینه‌وه‌.. تێئه‌فكرین و وورد ئه‌بینه‌وه‌، ئه‌بینین كه‌ ڕواڵه‌تی به‌رچاوه‌ ده‌قه‌ شه‌رعییه‌كان و به‌ڵگه‌و نیشانه‌كان، كه‌ دێن باس له‌ به‌هه‌شت و نازو نیعمه‌ته‌كانی به‌هه‌شت ئه‌كه‌ن زیاتر ڕوو له‌ ڕه‌گه‌زی نێرینه‌ ئه‌كه‌ن و كه‌متر مێینه‌ ئه‌كه‌ونه‌ به‌رچاوان، ئه‌مه‌ وێڕای ئه‌وه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ بیر كردنه‌وه‌ هیچ بنه‌ماو ئه‌ڕزشێكی زانستی نییه‌، به‌ هه‌مان جۆر به‌ هه‌ڵه‌ حاڵی بوونیشه‌ له‌ ده‌قه‌كانی قوڕئان و سوننه‌ت، به‌ڵام گرفت و كێشه‌ له‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ چۆن له‌ بنه‌ماكان ئه‌گه‌ین و خوای خۆمان له‌ سۆنگه‌ی دادگه‌ری و یه‌كسانی مافی پیاوو ژنه‌وه‌ چۆن ئه‌ناسینه‌وه‌.. بۆیه‌ له‌م كورته‌ باسه‌ هه‌وڵ ئه‌ده‌ین كه‌ لوێچێك له‌ ته‌غاری هه‌قیقه‌ت و ڕاستی ئه‌و مه‌سه‌له‌ی مافی ئافره‌ت له‌ به‌هه‌شت ڕوون بكه‌ینه‌وه‌. 


یه‌كه‌م: سه‌ره‌تا ئه‌ڵێین: گومان له‌وه‌دا نییه‌و نكووڵیش ناكه‌ین له‌وه‌ كه‌ ئافره‌تان به‌رده‌وام ئه‌و جۆره‌ پرسیارانه‌یان به‌ مێشكدا دێت كه‌ ئه‌وه‌ پیاو ئه‌زانین كه‌ خوا چیان پێ‌ ئه‌به‌خشێت، ئه‌ی ئاخۆ ئافره‌ت له‌ به‌هه‌شتدا چی پێ‌ ئه‌بڕێت؟ چونكه‌ ئینسان هه‌میشه‌ له‌بیری دوا ڕۆژو داهاتووی خۆیدایه‌.. ئه‌مه‌ش پرسیارێكه‌ كه‌ هه‌تا پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) نكووڵی له‌م جۆره‌ پرسیاره‌ی ئینسان نه‌كردووه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌ داهاتوویان و شێوه‌و ڕوخساری به‌هه‌شت كردوویانه‌، پرسیاریان كردووه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) ئایا خانوو و كۆشكو ته‌لاری به‌هه‌شت چۆنه‌، پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) فه‌رموویه‌تی (لبنة من ذهب ولبنة من فضة) واته‌: خشتێكی زێڕه‌و خشتێكی زیوه‌، وه‌ پرسیاریان لێی كردووه‌: كه‌ ئایا ئێمه‌ ئه‌گه‌ینه‌وه‌ به‌ خێزانه‌كانی خۆمان له‌به‌هه‌شت؟ ئه‌ویش وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه‌ فه‌رموویه‌تی به‌ڵێ پێیان ئه‌گه‌نه‌وه‌. 

دووه‌م: حه‌زو نه‌فسی ئینسان چ پیاو بێ‌ چ ژن، تامه‌زرۆی بیستنی خۆشی و نیعمه‌ته‌كانی به‌هه‌شته‌ و به‌دوای تام و چێژی خۆشیه‌كانیدا وێڵه‌. خوای گه‌وره‌ش مه‌یلیان پێ‌ ئه‌داو ده‌فه‌رموێت: وَتِلْكَ الْجَنَّةُ الَّتِي أُورِثْتُمُوهَا بِمَا كُنْتُمْ تَعْمَلُونَ (الزخرف: 72) واته‌: ئا ئه‌و به‌هه‌شته‌ی كه‌ ئێستا ئێوه‌ بوونه‌ته‌ خاوه‌نی و وه‌كو میرات شایه‌سته‌ی خۆتانه‌ له‌ ده‌رنجامی چاكه‌و كرده‌وه‌كانی خۆتانه‌وه‌یه‌. 

سێیه‌م: به‌هه‌شت و نیعمه‌ته‌كانی ته‌نها تایبه‌ت نییه‌ به‌ پیاو، بگره‌ خوا ده‌فه‌رموێت: (أعدت للمتقين) واته‌: بۆ ئه‌وانه‌مان سازكردووه‌ كه‌ پارێزكارو له‌ خوا ترسن. چونكه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ ڕووی پاداشتی به‌نده‌كانه‌وه‌ ته‌وفیر ناخاته‌ نێوان پیاوو ژنه‌وه‌، ئه‌وه‌تا ده‌فه‌رموێت: وَمَنْ يَعْمَلْ مِنَ الصَّالِحَاتِ مِنْ ذَكَرٍ أَوْ أُنْثَى وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَأُولَئِكَ يَدْخُلُونَ الْجَنَّةَ (النساء: 124) واته‌: هه‌ركه‌سێكی كرده‌وه‌ چاكه‌كان ئه‌نجام بدات، (جا ئه‌و كه‌سه‌) چ پیاو بێ‌ و چ ژن (به‌ومه‌رجه‌) بڕواداربێ‌، ئه‌وا ئه‌یانخه‌ینه‌ به‌هه‌شته‌وه‌. 

چواره‌م: له‌سه‌ر ئافره‌ته‌ كه‌ زۆر خۆی نه‌خاته‌ زۆر پرسیاركردن و گومانه‌وه‌ له‌ وورده‌كارییه‌كانی به‌هه‌شت كه‌ داخوا چی پێ‌ ئه‌بڕێت، ئه‌مه‌ هه‌تا پیاوانیش ئه‌گرێته‌وه‌ له‌م جۆره‌ ته‌كلیفه‌، كه‌ زۆر نه‌كه‌ونه‌ قوڵایی ئه‌و باسه‌وه‌ كه‌ داخوا بۆ كێ‌ ئه‌چن و بۆ كێ‌ ئه‌ڕۆن، مادام خوای گه‌وره‌ ڕێگه‌ی چوونه‌ به‌هه‌شتی بۆ ڕوونكردووینه‌ته‌وه‌ هێنده‌ش باسی له‌ نیعمه‌ت و خۆشیه‌كانی به‌هه‌شت بۆ كردووین ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌به‌ری بوه‌ستین، به‌سه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) ده‌فه‌رموێت كه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ فه‌مووده‌ی قودسی فه‌رموویه‌تی: (أَعْددْتُ لعِبادِيَ الصَّالحِينَ مَا لاَ عيْنٌ رَأَتْ ، ولاَ أُذُنٌ سَمِعتْ ولاَ خَطَرَ علَى قَلْبِ بَشَرٍ) (متفق عليه عن ابي هريرة رضي الله عنه) واته‌: بۆ به‌نده‌ چاكه‌كانی خۆم خۆشی ئه‌وتۆم له‌به‌هه‌شت بۆ مسۆگه‌ر كردوون كه‌ تا ئێستا هیچ چاوێك نه‌یبینیه‌وه‌، هیچ گوێیه‌ك نه‌یبیستووه‌ و به‌سه‌ر هیچ دڵێكیشدا نه‌هاتووه‌. وه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: لا يَمَسُّهُمْ فِيهَا نَصَبٌ وَمَا هُمْ مِنْهَا بِمُخْرَجِينَ (الحجر:48) واته‌: دووچاری نا ڕه‌حه‌تی نابن و (له‌و خۆشیدا ئه‌مێننه‌وه‌) تێیدا نه‌رناچن. یان ده‌فه‌رموێت: وَفِيهَا مَا تَشْتَهِيهِ الْأَنْفُسُ وَتَلَذُّ الْأَعْيُنُ وَأَنْتُمْ فِيهَا خَالِدُونَ (الزخرف: 71) واته‌: (له‌و به‌هه‌شته‌ خۆشه‌)تیایه‌تی له‌ هه‌رچی شتێك كه‌ نه‌فس ئه‌یخوازێ‌ و چاو پێی گه‌ش ئه‌بێته‌وه‌، وه‌ ئێوه‌ش به‌ نه‌مری تێیدا ئه‌مێننه‌وه‌. له‌ هه‌مووی خۆشتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوا ده‌فه‌رموێت: رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمْ وَرَضُوا عَنْهُ (البينة: 8) واته‌: خوا لێیان ڕازیه‌و ئه‌وانیش له‌ خوا ڕازین. 

پێنجه‌م: هه‌موو ئه‌و نیعمه‌ت و خۆشیه‌ی له‌به‌هه‌شت هه‌یه‌، له‌ میوه‌ی جوان و له‌ خواردن و له‌ خواردنه‌وه‌و له‌ خانووو كۆشكو ته‌لارو جل و به‌رگو پۆشاكو...هتد تێكڕا ئه‌مانه‌ بۆ ڕه‌گه‌زی نێرو مێیه‌ وه‌ك یه‌كن. 

"كه‌واته‌: ئه‌وه‌ی كه‌ لێره‌ ئه‌مێنێته‌وه‌و پرسیاری زۆری ئافره‌تانیشه‌، ئه‌و پرسیاره‌یه‌ كه‌ ئه‌ڵێت: ئه‌وه‌ زانیمان كه‌وا پیاو (حور العین) یان (ئافره‌تی جوان) له‌ به‌هه‌شت وه‌ر ئه‌گرن، ئه‌ی ئافره‌ت چی بۆ ئه‌بێت؟" 

هه‌ڵبه‌ت وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌ دایه‌: 
(1) خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: لا يُسْأَلُ عَمَّا يَفْعَلُ وَهُمْ يُسْأَلُونَ (الانبياء:2) واته‌: پرسیار له‌ خوا ناكرێت له‌وه‌ی كه‌ ئه‌یكات، بگره‌ خه‌ڵكین كه‌ پرسیاریان لێ ئه‌كرێت. كه‌واته‌: ئه‌سڵ‌ وایه‌ كه‌ ئینسان پرسیار له‌ خوا نه‌كات كه‌ خوا بۆچی وای كردووه‌، هه‌ر چه‌ند پرسیار كردنیش له‌ حیكمه‌تی خوا گرفتێك نییه‌. 

(2) سرووشتی ئافره‌ت شه‌رمكردنه‌، هه‌روه‌ك ئاشكرایه‌، بۆیه‌ خوا شتێك به‌ ئافره‌ت نیشان نادات له‌ ڕووی جنسیه‌وه‌ كه‌ كه‌ ته‌بیعه‌تی ئافره‌ت شه‌رمی پێی بێت كه‌ باسی بكا یا گوێی لێ بگرێت. 

(3) شه‌وق و ئه‌وینی ئافره‌ت بۆ پیاو وه‌ك پیاو نییه‌ بۆ ئافره‌ت (هه‌روه‌ك ئاشكرایه‌) بۆیه‌ خوای گه‌وره‌ هه‌ستی پیاو به‌ ئافره‌تی به‌هه‌شت ئه‌بزوێنێ‌، ئه‌مه‌ش هه‌قیقه‌تێكی شه‌رعییه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا [ صلى الله عليه وسلم ] ده‌فه‌رموێت: (ما تركت بعدي فتنة أضر على الرجال من النساء) (أخرجه البخاری) واته‌: له‌ دوای خۆم هیچ فیتنه‌یه‌كم جێ‌ نه‌هێشتووه‌ كه‌ خراتربێت له‌ فیتنه‌ی ئافره‌ت به‌سه‌ر پیاو. 
به‌ڵام ئه‌بینین كه‌ خوا مه‌یلی جوانی و پۆشاكو زێر و زیوی به‌ ئافره‌ت داوه‌ كه‌ ئافره‌ت زیاتر حه‌زی به‌وه‌یه‌، وه‌ك خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: أَوَمَنْ يُنَشَّأُ فِي الْحِلْيَةِ (الزخرف: 18) واته‌: ئایا كه‌سێك به‌ منداڵی خوا ڕه‌وا ده‌بینن، كه‌ هه‌رده‌م له‌ ئارایشكردنی خۆیایه‌تی و تیایدا گه‌وره‌ ئه‌بێت. 
بۆیه‌ش ئه‌بینین كه‌ ئه‌گه‌ر باوكێك كوڕێك و كچێكی هه‌بێ ودڵیان خۆش كات، ئه‌وه‌ به‌ كوڕه‌كه‌ ئه‌ڵێت: كوڕی خۆم كه‌ گه‌وره‌ بوویت ئه‌وه‌ ژنێكی جوانت بۆ ئه‌هێنم، به‌ڵام ئه‌بینین به‌ كچه‌كه‌ی ناڵێت: كچم ئه‌گه‌ر گه‌وره‌ بوویت مێردی باشت بۆ ئه‌دۆزمه‌وه‌، بگره‌ شتی تر ئه‌ڵێت: بۆ نموونه‌ پێی ئه‌ڵێت: ئه‌گه‌ر گه‌وره‌ بوویت ئه‌وه‌ بووكه‌ شووشه‌یه‌كت بۆ ئه‌كرم، یان كراس و كه‌وایه‌كت بۆ ئه‌كڕم، یان جلی جوان یان خشڵ و زێڕو گه‌وهه‌رت بۆ ئه‌كڕم... هتد. 

(4) شێخ (ابن عثيمين)] -به‌ ڕه‌حمه‌ت بێت- ئه‌ڵێت: خوای گه‌وره‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌هه‌شت باسی ئافره‌ت ئه‌كات بۆ پیاو، نه‌ك پیاو بۆ ئافره‌ت، چونكه‌ هه‌ر پیاوه‌ كه‌ داخوازی كچ ئه‌كات نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ناگه‌یه‌نێت كه‌وا ئافره‌تان له‌ له‌ به‌هه‌شت بێ‌ پیاو بمێننه‌وه‌، به‌ڵكو هه‌ر یه‌ك له‌وان له‌ به‌نی ئاده‌م مێردی جوان و چاكو دڵڕفێمیان پێ‌ ئه‌بڕدرێت. 

شه‌شه‌م: ئافره‌ت له‌م حاڵه‌تانه‌ی خواره‌وه‌ به‌ده‌ر نییه‌: 
1. یان پێش شووكردن ئه‌مرێت. 
2. یان دوای ئه‌وه‌ كه‌ ته‌ڵاق ئه‌درێت و ئه‌مرێت، فریای شووكردن ناكه‌وێته‌وه‌. 
3. یان ئه‌و ئافره‌ته‌ شووی كردووه‌ به‌ڵام مێرده‌كه‌ی له‌گه‌ڵی ناكه‌وته‌ به‌هه‌شته‌وه‌، چون ڕه‌نگه‌ مێرده‌كه‌ی كافر بووبێت و خۆیش مسوڵمان. (خوا په‌نامان بدات). 
4. یان له‌ دوای مێردكردنیه‌وه‌ ئه‌مرێت. 
5. یان مێرده‌كه‌ی پێشی ئه‌و ئه‌مرێ‌ و شووی تر ناكاته‌وه‌ تا مردن بێ‌ مێرد ئه‌مێنێته‌وه‌. 
6. یان مێرده‌كه‌ی ئه‌مرێت، ئه‌ویش له‌ دوای مردنی مێرده‌كه‌ی شووێكی تر ئه‌كاته‌وه‌. 

ئه‌مه‌ حاڵی ئافره‌ته‌ له‌ دونیا، بۆیه‌ بۆ هه‌ر یه‌ك له‌و حاڵه‌تانه‌ی كه‌ باسكران، شتێ‌ له‌به‌هه‌شتی بۆ سازكراوه‌: 
(1) ئه‌و ئافره‌ته‌ی پێش شووكردن مردووه‌، ئه‌وه‌ له‌ به‌هه‌شتدا خوا پیاوێك له‌ پیاوه‌كانی دونیای پێ‌ ئه‌به‌خشێت، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) ده‌فه‌رمویت: (ما فی الجنه‌ أعزب) (رواه مسلم) واته‌: ڕه‌به‌نی له‌ به‌هه‌شتدا نییه‌. 
لێره‌وه‌ ( شيخ ابن عثيمين) -به‌ ڕه‌حمه‌تبێت- ئه‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ئافره‌ت له‌ دونیا شوو نه‌كات ئه‌وه‌ خوای گه‌وره‌ پیاوێكی زۆر جوان و له‌باری پێ‌ ئه‌به‌خشێت كه‌ ئه‌بێته‌ مایه‌ی چاوگه‌ش بوون و چاو ڕوونی ئافره‌ته‌كه‌. 

(2) وه‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ی كه‌ له‌ دونیا ته‌ڵاقدراوه‌و شووی نه‌كردۆته‌وه‌، هه‌مان حوكمی بۆ هه‌یه‌. 

(3) ئه‌و ئافره‌ته‌یش كه‌ مێرده‌كه‌ی بۆ دۆزه‌خ وه‌ڕێكراوه‌ (خوا په‌نامان بدات) و خۆیشی بۆ به‌هه‌شت، ئه‌وه‌ ( شيَخ ابن عثيمين) –به‌ ڕه‌حمه‌تبێت- ئه‌ڵێت: به‌ هه‌مان جۆری حاڵه‌تانی پێشوو خوا له‌ كوڕێكی جوانی ماره‌ ئه‌كاته‌وه‌. 

(4) وه‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ی كه‌ دوای شووكردن مردووه‌، ئه‌وه‌ له‌ به‌هه‌شت ئه‌درێته‌وه‌ مێرده‌كه‌ی پێشووی. 

(5) وه‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ی كه‌وا شووی كردووه‌ له‌ دونیاو پاشان مێرده‌كه‌ی مردووه‌و شووی تری نه‌كردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌ به‌هه‌شت خوا ه‌یه‌ك شادوو شوكریان ئه‌كاته‌وه‌و ئه‌بنه‌وه‌ ژن و مێردی یه‌كتر. 

(6) به‌ڵام ئه‌و ئافره‌ته‌ی كه‌ له‌ دونیا مێردی مردووه‌و پاشان شووی به‌ پیاوێكی تر كردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ بێ‌ گومان له‌ به‌هه‌شت ئه‌كه‌وێته‌وه‌ باخه‌ڵی دووه‌م مێردیه‌وه‌. وه‌ك پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) ده‌فه‌رموێت: (المرأة لآخر أزواجها) (سلسلة الأحاديث الصحيحة للألباني) . واته‌: ئافره‌ت بۆ دوا مێرده‌كه‌ی خۆی ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌. یان كه‌ (حذيفة) –خوا لێی ڕازی بێت- به‌ خێزانه‌كه‌ی گوت: (إن شئت أن تكوني زوجتي في الجنة فلا تزوجي بعدي فإن المرأة في الجنة لآخر أزواجها في الدنيا فلذلك حرم الله على أزواج النبي أن ينكحن بعده لأنهن أزواجه في الجنة) واته‌: ئه‌گه‌ر حه‌زتكرد كه‌ له‌ به‌هه‌شت هه‌ر بۆ من بیته‌وه‌، ئه‌وه‌ دوای من شووی تر مه‌كه‌وه‌، چون ئافره‌ت ئه‌بێته‌وه‌ ژنی دوواهه‌مین مێردی، هه‌ر بۆیه‌ خوا حه‌ڕامی كردبوو كه‌ خێزانه‌كانی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) دوای وه‌فاتی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) شووی تر بكه‌نه‌وه‌. 

پرسیارێك: ڕه‌نگه‌ بپرسن كه‌ له‌ دوعای مردوو هاتووه‌ كه‌ ئه‌ڵێت: (وأبدلها زوجا خيرا من زوجها) واته‌: مێرده‌كه‌ی بۆ بگۆڕه‌وه‌ باشتر له‌ مێرده‌كه‌ی پێشووی، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ئافره‌ته‌ شووی كردبووبێت، ئه‌ی كه‌وابوو چۆن ئه‌بێت ئێمه‌ ئه‌و دوعایه‌ی بۆ بكه‌ین، له‌ كاتێك كه‌ ئه‌و خۆی مێردی خۆی هه‌بووبێت و له‌ به‌هه‌شتیش هه‌مان مێردی خۆی پێ‌ بدرێته‌وه‌؟! 
لێره‌دا شێخ (ابن عثيمين) –به‌ ڕه‌حمه‌تبێت- ئه‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ئه‌و ئافره‌ته‌ شووی نه‌كردبووبێت، ئه‌وه‌ مه‌به‌ست له‌ دوعاكه‌ ئه‌وه‌ ئه‌بێت، كه‌ ئه‌و پیاوه‌ی بۆی له‌ دونیا بڕیار درابوو له‌و باشتری پێ‌ ببڕێت، ئه‌گه‌ر شوویشی كردبێت، ئه‌وه‌ مه‌به‌ست له‌ دوعاكه‌ ئه‌وه‌ ئه‌بێت، كه‌ هه‌مان مێردی پێ‌ ببه‌خشرێته‌وه‌ به‌ڵام له‌ ڕووی سیفات و خووخده‌وه‌ خه‌سڵه‌تییه‌وه‌ خوا بۆی بگۆڕێت به‌ باشتر له‌ جاران و سیفه‌ت و خه‌سڵه‌تی له‌ ئی دونیا زیاتر پێ‌ ببه‌خشێت. چونكه‌ بێ‌ گومان له‌و دونیا هه‌موو شت ئه‌گۆڕێت، ته‌نها له‌ ڕووی ناسینه‌وه‌ خه‌ڵكه‌كان شته‌كان كه‌ له‌ دونیا بینیویانه‌ ئه‌یناسنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ڕووی چۆنییه‌تیه‌وه‌ زۆر باشترو شیاوترو گونجاوتر ئه‌بن له‌ ئی دونیا. وه‌ك خوای گه‌وره‌ باس له‌ ئه‌ڕزو ئاسمان ئه‌كات ده‌فه‌رموێت: يَوْمَ تُبَدَّلُ الْأَرْضُ غَيْرَ الْأَرْضِ وَالسَّمَاوَاتُ (ابراهیم: 48) واته‌: له‌م ڕۆژه‌ زه‌وی و ئاسمانه‌كان ئه‌گۆڕێن، یان كه‌ باس له‌ میوه‌هاته‌كانی به‌هه‌شت ئه‌كات ده‌فه‌رموێت: كُلَّمَا رُزِقُوا مِنْهَا مِنْ ثَمَرَةٍ رِزْقاً قَالُوا هَذَا الَّذِي رُزِقْنَا مِنْ قَبْلُ وَأُتُوا بِهِ مُتَشَابِهاً (البقرة: 25) واته‌: هه‌ر كاتێك كه‌ له‌ ڕۆزیه‌كییان ده‌رخوارد ئه‌درێت، ئه‌ڵێن: ئێمه‌ كاتی خۆی له‌و ڕۆزیه‌مان خواردووه‌،(به‌ڵام له‌ ڕاستیدا) به‌س له‌ وێنه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی دونیان (ده‌نا له‌ ڕووی تام و چێژه‌وه‌ زۆر جیان). 

حه‌فته‌م: له‌ به‌هه‌شت ژن زیاترن له‌ پیاو: 
هه‌روه‌ك له‌ سه‌حیحی موسلیم هاتووه‌ له‌ (ابن سیرین) –خوا لێیان ڕازی بێت- ئه‌گێڕنه‌وه‌ كه‌وا ڕۆژێك پیاوان و ئافره‌تان ئه‌كه‌ونه‌ گفتوگۆی ئه‌وه‌ كه‌ ئایا له‌ به‌هه‌شت پیاو زیاترن یاخود ئافره‌ت؟ پاشان دێن پرسیار له‌ (ئه‌بووهوڕه‌یڕه‌) ئه‌كه‌ن، ئه‌ویش وه‌ڵام ئه‌داته‌وه‌ ئه‌ڵێت: پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) فه‌رموویه‌تی: (إن أول زمرة تدخلَ الجنة على صورة القمر ليلة البدر ، والتي تليها على أضوأ كوكبٌ دري في السماء ، لكل امرئ منهم زوجتان اثنتان ، يرى مخ سوقهما من وراء اللحم ، وما في الجنة أعزب) واته‌: یه‌كه‌م تاقم كه‌ ئه‌چنه‌ به‌هه‌شت شێوه‌و ڕوخساریان وه‌ك مانگی به‌در وایه‌، وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌دوای ئه‌مانه‌وه‌ دێن ، شێوه‌و ڕوخساریان وه‌ك ئه‌ستێره‌ی پڕشنگدار ئه‌دره‌وشێته‌وه‌، بۆ هه‌ر یه‌كێكیش له‌وان دوو ئافره‌تی بۆ هه‌یه‌، كه‌ له‌ جوانیا مۆخی ناو ئێسقانیان له‌ پشت گۆشتیانه‌وه‌ دیاره‌، ڕه‌به‌نیش له‌ به‌هه‌شتدا نییه‌. 

ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كه‌ ئافره‌ت له‌ به‌هه‌شت ژماره‌یان زیاتره‌ له‌ پیاوان. هێندێك ئه‌ڵێن: نه‌خێر پیاو زۆرترن، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) ده‌فه‌رموێت: (رأيتكن أكثر أهل النار) واته‌: ئێوه‌م بینی زۆرترین كه‌سن له‌ دۆزه‌خ. لێردا ئه‌ڵێین: ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی دۆزه‌خ ئافره‌ت بن ئه‌وه‌ زۆرینه‌ی پیاو له‌ به‌هه‌شتبن، هه‌روه‌ك ابن حجر -به‌ ڕه‌حمه‌ت بێت- ئه‌ڵێت: جه‌مع له‌ نێوان ئه‌و دوو فه‌رمووده‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئافره‌ت ژماره‌یان له‌ پیاوان زیاتره‌ له‌ دونیا. ده‌شتوانین بڵێین: كه‌وا نه‌وعی ئافره‌ت له‌ به‌هه‌شت زیاترن چونكه‌ (حورالعین)یش هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ئافره‌ت حسێب ئه‌كرێن. ئیمامی قوڕتبیش -به‌ ڕه‌حمه‌ت بێت- ئه‌ڵێت: (ئافره‌تان له‌ دۆزه‌خ زۆرینه‌ن) به‌ڵام ئه‌وه‌ له‌ پێش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئافره‌تانی خواناس شه‌فاعه‌تییان بۆ بكرێت وله‌ دۆزه‌خ ده‌ر بهێنرێن، كاتێكیش كه‌ له‌ دۆزه‌خ ده‌رهێنران ئه‌وه‌ خوا ڕه‌حمیان پێ‌ ئه‌كاو ئه‌یانخاته‌ به‌هه‌شته‌وه‌، به‌م پێیه‌ زۆرترینی به‌هه‌شتییه‌كانیش هه‌ر ئافره‌ت ئه‌بن. 
به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ئافره‌ته‌ پێویسته‌ كه‌ مكوڕبێ‌ له‌سه‌ری و كردو كۆش كات، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ خوا بترسن تا خوا ڕوویان به‌ ئاگری دۆزه‌خ نه‌سووتێنێت. (خوا په‌نامان بدات). 

هه‌شته‌م: ئه‌گه‌ر ئافره‌ت كه‌وته‌ به‌هه‌شته‌وه‌، ئه‌وه‌ خوا له‌وێ‌ گه‌نجیان ئه‌كاته‌وه‌ هه‌ر چه‌ندیش له‌ دونیا پیر بووبن، وه‌ك پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) ده‌فه‌رموێت: (إن الجنة لايدخلها عجوز .... إن الله تعالى إذا أدخلهن الجنة حولهن أبكارا) واته‌: پیر ناكه‌وێته‌ به‌هه‌شته‌وه‌... ئه‌گه‌ر خوا خستنیه‌ به‌هه‌شته‌وه‌ ئه‌وه‌ گه‌نجیان ئه‌كاته‌وه‌ ئینجا ئه‌یانخاته‌ به‌هه‌شته‌وه‌. 

نۆیه‌م: له‌ هێندێ‌ ئه‌سه‌ردا هاتووه‌، كه‌ ئافره‌تانی دونیا له‌ به‌هه‌شت زۆر جوانتر ئه‌بن له‌ (حور العین) هه‌تا پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) ده‌فه‌رموێت: (لو أن امرأة من نساء أهل الجنة اطلعت على الأرض لأضاءت ما بينهما، ولملأت ما بينهما ريحاً، ولنصيفها على رأسها خير من الدنيا وما فيها) (رواه البخاري عن أنس) واته‌: ئه‌گه‌ر ئافره‌تێكی به‌هه‌شتی خۆ به‌ زه‌وی نیشان بدات ئه‌وه‌ سه‌راپای زه‌وی ڕووناك ئه‌كاته‌وه‌ و پڕی ئه‌كات له‌ بۆن و به‌رامه‌وه‌، وه‌ ئه‌و له‌چكه‌ی كه‌ ئافره‌تی به‌هه‌شت له‌ سه‌رییه‌تی به‌ نرخترو گرانبه‌هاتره‌ له‌ دونیاو ئه‌وه‌ی له‌ دونیادایه‌. 
له‌ شوێنی تردا ده‌فه‌رموێت: (ئه‌گه‌ر په‌نجه‌ی ئافره‌تێكی به‌هه‌شتی بكه‌وێته‌ سه‌ر دونیا ئه‌وه‌ تیشكی ڕۆژ له‌ جوانی و ڕووناكی ئه‌و په‌نجه‌ ئه‌كوژێته‌وه‌!!) 

كه‌واته‌: خۆشه‌ویستان.. خوشكانی هێژا: 
"ئاگاداری گێره‌ شێوان و بانگه‌وازكارنی فیتنه‌و به‌ڕه‌ڵایی بن، كه‌ ئه‌یانه‌وێت له‌ كه‌ڵكتان بخه‌ن تا له‌ كاركه‌ون، فریو مه‌خۆن به‌ قسه‌ ڕه‌ونه‌ق و بریقه‌داره‌كانیان، چون ئه‌وه‌ شه‌یتانه‌ بازاڕی بۆ ئه‌و جۆره‌ ته‌ماحكارانه‌ خۆش كردووه‌ كه‌ له‌ خشته‌تان به‌رن و به‌ گژ خواتان وه‌نێن، كه‌ مه‌به‌ستیان ڕووت كردنه‌وه‌ی ئێوه‌و چێژوه‌رگرتنی چاوی پیس و شه‌ڕواڵیانن، ئێوه‌ش ئیڕاده‌و ویستی دینداریتان به‌هێزتر كه‌ن، تا خوای په‌روه‌ردگار به‌و به‌هه‌شته‌ به‌رینه‌ی خۆیتان شادبكاو ڕه‌زامه‌ندی خۆی به‌سه‌رتاندا بڕژێنی و خۆی پێتان نیشان بدات." 

وصلی‌ الله علی‌ نبینا محمد وآ‌له وصحبه وسلم 
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ 
تێبینی: 
بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ سوودم له‌ نووسراوێك بینیوه‌ به‌ ناو نیشانی: أحوال النساء في الجنة نووسراوی: سليمان بن صالح الخراشي.

چـــاوه‌روان به‌ تكایه‌...

وتاره‌كان به‌شی (3)

بابه‌ته‌كانمان له‌ فێسبوك

به‌رێوبه‌ری ماڵپه‌ر nale muslim.
back to top