خوشكان - (8) ی مارس و چه‌واشه‌کردنی ئافره‌تان.. « گه‌ل گۆرانكاری - galu Goran kare
تایبتبه‌ به‌شه‌كانی ماڵپه‌ری (گه‌ل و گۆرانكاری)

خوشكان - (8) ی مارس و چه‌واشه‌کردنی ئافره‌تان..


جار ئه‌م بابه‌ته‌ بینراوه‌

(8) ی مارس و چه‌واشه‌کردنی ئافره‌تان..

له‌ هه‌موو ساڵێکدا ڕۆژی 8 مارس کراوه‌ به‌ ڕۆژی جیهانی ئافره‌تان که‌ له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا سته‌مێکه‌ له‌ ئافره‌تان ئه‌کرێت که‌ ڕۆژێك دابنرێت بۆ ئافره‌ت وه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م 365 رۆژه‌ی تر له‌ بیر بکرێن . 
ئینجا گه‌ر سه‌رنج بده‌ی ئه‌بێت هه‌ڵگرانی دروشمی مافه‌کانی ئافره‌تان له‌م ڕۆژه‌دا چی پێشکه‌ش بکه‌ن به‌ ئافره‌ت یان مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیان چیبێت بۆ ئه‌م شۆرشه‌ ئایه‌ داواکانیان ئافره‌تان ئاسوده‌ ئه‌که‌ن و کۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و خۆش گوزه‌رانی ئه‌به‌ن یان پڕ له‌ کێشه‌ی ئه‌که‌ن و زیان به‌خشن بۆ ئافره‌ت وکۆمه‌لگا به‌گشتی . 
ئایه‌ تا ئێستا ڕێکخراوه‌کانی ئافره‌تان له‌ وڵاتانی خۆرئاواو ئه‌مه‌ریکا که‌ خه‌ڵکی به‌ پێشه‌نگیان ئه‌زانن له‌ به‌ده‌ست هێنانی مافی مرۆف و مافی ئافره‌ت ، ئایه‌ چه‌ند توانیویانه‌ مافه‌کانی ئافره‌تان به‌رچه‌سته‌ بکه‌ن ئایه‌ هیچ به‌رنامه‌و یاساو ڕێسایه‌ك هه‌یه‌ له‌ ئیسلام زیاتر گرنکی به‌ ئافره‌ت دابێت ئامانه‌و سه‌دان پرسیاری تر له‌ 8 مارس دێنه‌ پێشه‌وه‌ . 
به‌ بۆچونی من له‌ 8 مارس زیاتر ئافه‌ره‌ت به‌ره‌و ئاقاری خه‌م و ژان ئه‌برێت به‌ هاندانیان بۆ دوژمنداری کردنی ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ر و دوور که‌وتنه‌وه‌ له‌ به‌ها جوانه‌کانی ژیان و بیرو باوه‌ڕی جوان به‌ ناوی ئازادی و هاندانیان بۆ بێبه‌ش کردنیان له‌ سۆزی دایکایه‌تی و قورس کردنی ژیانیان به‌ بانگه‌شه‌ کردن بۆ به‌ده‌ست هێنانی بژێوی ژیان و یه‌کسانی له‌ کار کردن و به‌ڕیوبردنی پڕ له‌ هه‌ڵه‌ و ده‌ر هێنانیان له‌ که‌سایتی خۆیان . 
له‌ پاڵ ئه‌وه‌شه‌وه‌ هه‌بوونی که‌سانێك و چه‌ند ڕێکخراوێك له‌م ڕۆژه‌دا ئه‌که‌ونه‌ زوڕنا لێدان بۆ له‌ که‌دارکردن و ناشیرین کردنی ئیسلام و موسوڵمانان و ئاینه‌ ئاسمانیه‌کانی تر . 
ئه‌توانین بڵێین ڕێکخراوه‌کانی ئافره‌تان له‌ ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریکا تا ئێستا نه‌یان توانیوه‌ که‌م ترین ماف بۆ ئافره‌ت به‌ده‌ست بێنن له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌موو ڕۆژێك ده‌ست درێژ ئه‌که‌ن بۆ ووڵاتانی ئیسلامی گوایه‌ مافی ئافره‌ت پێشێڵ ئه‌که‌ن . 
گه‌ر سه‌یر که‌ین که‌م ترین ماف به‌ ئافره‌تان ڕه‌وا نابینن بۆ نمونه‌ پۆشینی جل و به‌رگ ئه‌گه‌ر که‌سێك به‌ زۆر سه‌رپۆشێك بخاته‌ سه‌ر ئافره‌تێك ڕێکخراوه‌کانی ئافره‌تان ده‌ست کراوه‌ 
به‌ڵام وا به‌به‌ر چاوی هه‌موو ئه‌م ڕێکخراوه‌ چه‌واشه‌که‌رانه‌وه‌ له‌ چه‌ندین ووڵات ڕێگا نادرێت ئافره‌تی موسوڵمان به‌ سه‌ر پۆشه‌که‌یه‌وه‌ بچێته‌ قوتابخانه‌ و زانکۆ بگره‌ له‌ هه‌ندێک شوێن له‌ کار کردنیشدا ڕێگه‌یان پێناده‌ن بۆ‌ پۆشینی سه‌ر پۆشه‌ به‌ ویقاره‌که‌ی که‌ بۆته‌ دڕکێك له‌ چاوی دوژمنانی ئه‌م ئیسلامه‌ .که‌چی هیچ ڕێکخراوێک له‌م ڕێکخراوه‌ ده‌هۆڵ ژه‌نانه‌ ده‌نگیان لێوه‌ نایه‌ت و که‌چی له‌ 8 مارس خۆیان به‌ خاوه‌نی هه‌موو ئافره‌تانی جیهان ئه‌زانن ده‌ست ئه‌که‌ن به‌ گوتنی دروشمی بریقه‌داری دور له‌ ڕاستی . 
گه‌ر گوێ بگری له‌ ئافره‌ته‌ ژیره‌کانی ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریکا زۆر جار ئه‌بیستین خۆزگه‌ به‌ ئافره‌تانی ووڵاتانی ئێمه‌ ئه‌به‌ن چونکه‌ ئافره‌تی ژیر ئه‌زانێت ڕێز و خۆشه‌ویستی له‌ کوێوه‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌گرێت ئه‌وان ئه‌ڵێن ئافره‌ته‌کانی ئێوه‌ وه‌ک شا ژن وان بێماندوبوون هه‌موو شتێکی دێته‌وه‌ به‌رده‌ست و ژیانی مسۆگه‌ره‌ ،، کاتی زۆره‌ بۆ سۆز به‌خشین به‌ مناڵه‌کان و په‌روه‌رده‌کردنیان به‌جوانی ،، ئاسوده‌یه‌ دڵ خۆشه‌ که‌ ده‌زانێت هاوسه‌ره‌که‌ی خیانه‌تی لێناکات و ته‌نها بۆ کاتی خۆشی نایه‌وێت ،،خۆی به‌ خاوه‌نی ماڵ ئه‌زانێت و دڵخۆشه‌ به‌وه‌ی که‌ ئه‌توانێت گرنگی به‌ ماڵه‌که‌ی ئه‌دات،، وه‌ له‌پیر یشدا ته‌نیا نامێنێته‌وه‌ مناڵه‌کانی به‌ ده‌وریه‌وه‌ن و که‌سانێك هه‌ن به‌شێك له‌ خه‌مه‌کانی هه‌ڵگرن ،، 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هێشتا ئه‌وان له‌ جیهانی خۆشه‌ویستی نێوان خێزانی موسوڵمانان نه‌ گه‌یشتوون نازانن له‌مه‌ش زیاتر ئێمه‌ دڵنیان و به‌نیازین له‌ دوا ڕۆژیش گه‌ر خوا بمان خاته‌ به‌هه‌شته‌وه‌ خۆشه‌ویستیه‌که‌مان بۆیه‌کتر نوێده‌ که‌ینه‌وه‌ دایده‌مه‌زرێنینه‌وه‌ بۆ هه‌تا هه‌تایه‌.ئه‌وان نازانن له‌ ئاینی ئێمه‌ ڕه‌زامه‌ندی خودا به‌ستراوه‌ته‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندی تاکه‌کانی خێزان به‌ تاینه‌تی ڕه‌زامه‌ندی دایک له‌ مناڵه‌کانی. 
جێگای خۆیه‌تی وابێت و خۆزگه‌ بخوازن چونکه‌ ئه‌وان بێبه‌ش بوون به‌ ده‌ست ئه‌م به‌رنامه‌ی که‌ بۆ مافی ئافره‌تان هاته‌ کایه‌وه‌ له‌ خۆشیه‌کانی ژیان . ئه‌وان گه‌ر خۆیان خه‌م له‌ ژیان و بژێوی ژیانی خۆیان نه‌خۆن که‌س نیه‌ خه‌میان لێبخوات بۆیه‌ ئه‌بینین هه‌رده‌م ماندو شه‌که‌تن به‌ده‌ست ئیش و کاری ده‌ره‌وه‌و ماڵه‌وه‌ش ئه‌مه‌ش بۆته‌ له‌ده‌ست دانی کاتێکی زۆر و بێکاتی دواتر بۆته‌ کات نه‌بوون و له‌ ده‌ست دانی سۆزی دایکاتی و هه‌ست نه‌کردن به‌ که‌سێتی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان . 
ئه‌وان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پیاوه‌کانیان له‌لایه‌ن ئه‌م ئافره‌تانه‌ی خاوه‌نی ئازاده‌یه‌کی ڕه‌هان حه‌زه‌کانیان داده‌مرکێت و متمانه‌یان نامێنێت به‌ ئافره‌ت هیچ کاتێك بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ ناتوانن ژیانی هاوسه‌رێتی پێك بێنن و متمانه‌ نیه‌ له‌ نێوانیان زۆر به‌ دڵه‌ ڕاوکێ له‌گه‌ڵ یه‌کتر ده‌ژین نه‌ ماڵ نه‌ مناڵ نه‌ حه‌زه‌کان و خۆشیه‌کان ناتوانن تێکه‌ڵ به‌یه‌کتر بکه‌ن . 
هه‌ر ئه‌م شتانه‌ ده‌بنه‌ هۆی نه‌ بونی خۆشه‌ویستی له‌ نێوان دایک و مناڵیش گه‌ر هه‌یان بێت هه‌ر له‌ 15 یان 16 ساڵیه‌وه‌ مناڵه‌کانی له‌ده‌ست ئه‌دات که‌ پیریش بوو که‌س نیه‌ به‌ده‌وریه‌وه‌و بێ ناز ئه‌بن سه‌د خۆزگه‌یان به‌ داپیره‌یه‌کی ئه‌م کوردستانه‌ ئه‌خوازن زۆر جار وا ئه‌بێت ئه‌مرن له‌ ژوره‌ ته‌نیایه‌که‌یان که‌س پێی نازانێت تا بۆن ئه‌که‌ن و ده‌وڵه‌ت ده‌ریان ئه‌کات . 
ئه‌مانه‌و سه‌دان خه‌می تر به‌رو بومی 8 مارس و دوور که‌وتنه‌وه‌ له‌ ئاینی ئیسلامی پیرۆزو به‌هاجوانه‌کانی مرۆفایه‌تی و کۆمه‌ڵگا ڕه‌سه‌نه‌کانه‌ .ئینجا له‌ پاڵ ئه‌وه‌شه‌وه‌ ئه‌م خه‌مانه‌ پیاوانیش تێیدا به‌ژدارن بێ جیاوازی به‌ڵام ئه‌وده‌سته‌ی ئه‌م کارانه‌ به‌ڵاو ئه‌کاته‌وه‌و بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌کات و به‌رنامه‌ ڕێژی بۆ کردوه‌ توانیویێتی سود له‌ ئافره‌ت ببینێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به‌ هۆی چه‌واشه‌کردنیانه‌وه‌ به‌کاریان بێنێت.‌ 
بۆیه‌ داوا ئه‌که‌ین ڕێکخراوه‌کانی ژنان له‌ کوردستان نه‌بنه‌ وێستگه‌یه‌ك بۆ گواستنه‌وه‌ی هه‌مان هه‌ڵه‌ و ئه‌و ئه‌زمونه‌ ترسناکه‌ی ڕێکخراوه‌کانی ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریکا دووباره‌ نه‌که‌نه‌وه‌ له‌ کوردستان و زیاتر به‌ ناوی ئازادی و یه‌کسانی پڕ له‌هه‌ڵه‌ ژیانی ئافره‌تان نه‌شێوێنن و کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و هه‌ڵدێر نه‌به‌ن و ئافره‌تان به‌ کوشت نه‌ده‌ن داوا له کچان و‌ ئافره‌تانی ژیر و داناش ئه‌که‌م ئاگاداری خۆی بێت چه‌واشه‌ نه‌کرێن ئێوه‌ هه‌موو ڕۆژێکتان جیهانیه‌ جیهانی پیاو به‌ سۆزو خۆشه‌ویستی ئێوه‌ جوانه‌ وردبنه‌وه‌ و سه‌یری به‌رنامه‌ی ئیسلام بکه‌ن مافه‌کانی خۆتان ئه‌دۆزنه‌وه‌ . 

بورهان به‌رزنجی 
02-03-09 

چـــاوه‌روان به‌ تكایه‌...

وتاره‌كان به‌شی (3)

بابه‌ته‌كانمان له‌ فێسبوك

به‌رێوبه‌ری ماڵپه‌ر nale muslim.
back to top