خێزان - ئافرەت شەهوەته پیاویش سێبەره ... « گه‌ل گۆرانكاری - galu Goran kare
تایبتبه‌ به‌شه‌كانی ماڵپه‌ری (گه‌ل و گۆرانكاری)

خێزان - ئافرەت شەهوەته پیاویش سێبەره ...


جار ئه‌م بابه‌ته‌ بینراوه‌

ئافرەت شەهوەته پیاویش سێبەره



له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر به‌كه‌م له‌ بواری كۆمه‌ڵایه‌تی نوسیومه‌ زیاتر له‌ ناو بابه‌تی فیكری و میژوویه‌كاندا قاڵ بوومه‌ته‌وه‌ ئه‌شێت نه‌توانم وه‌ك  ئه‌و باسانه‌ی تر له‌م  بابه‌ته‌دا قوڵ ببمه‌وه‌، سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت به‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌م هیچ خێزانێك مه‌حاڵه‌ ده‌مه‌قاڵێ و ناخۆشی له‌ نێوانیاندا دروست نه‌بێت، كه‌ ئه‌مه‌ ناخی مرۆڤه‌ ئه‌گه‌ر بێت و ناخۆشی له‌ نێوان ژن و مێردا روونه‌دات ئه‌وه‌ سروشتی نیه‌ به‌ڵكو ده‌رچونه‌ له‌ سروشتی مرۆڤ..
ئه‌وه‌ی كه‌ من لێره‌دا باسی ده‌كه‌م مه‌رج نیه‌ هه‌مووی خۆم په‌یم پێبردبێت له‌ خودی ڕه‌گه‌زی نێرینه‌دا هه‌بێت، به‌ڵكو ره‌گه‌زی به‌رانبه‌ر هه‌ندێك جار ئه‌و ئه‌زمونه‌ی خۆی بۆ من گواستۆته‌وه‌ و  سودم لێوه‌رگرتوه‌، كه‌واته‌ سروشتی ئاسایی مرۆڤ وا هه‌ڵكه‌وتوه‌ كه‌ ئاره‌زوی ره‌گه‌زی به‌رانبه‌ر بكات نێر بۆ مێ وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ره‌گه‌زی نێر حه‌زی به‌ هاوره‌گه‌زی خۆی كرد یاخود مێ بۆ مێ ئه‌وه‌ سروشتی مرۆڤی ئاسای نیه‌، به‌ڵكو نه‌خۆشه‌ پێویستی به‌ چاره‌سه‌ره‌.
كه‌واته‌ ژیان  له‌سه‌ر شه‌هوه‌ت دامه‌زراوه‌، ئه‌و كاته‌ی پیاو خاوه‌نی هاوسه‌ر نیه‌ ئه‌و ده‌مه‌ هه‌میشه‌ ئافره‌ت له‌ به‌رچاویدا وه‌ك بزمارێك وایه‌ دڵی كون ده‌كات دیاره‌ مه‌به‌ستم بۆ هه‌ست و نه‌ستی خۆشه‌ویستی ئافره‌ته‌كه‌یه‌، ئافره‌تیش هه‌میشه‌ پێ خۆشه‌ له‌ سایه‌ و سێبه‌ری پیاوێك  خه‌ونه‌كانی بهێنێته‌دی و ئارام بگرێت، هه‌موو لێكۆڵه‌ره‌وانی جیهان ئه‌م بیره‌ به‌ته‌ندروست ده‌زانن ئه‌گه‌ر مرۆڤ وابوو ئه‌و مرۆڤێكی ئاساییه‌ له‌ ژیاندا.

 شیكردنه‌وه‌ی ووشه‌ی (شه‌هوه‌ت)
شه‌هوه‌ت به‌شێكه‌ له‌ پێكهاته‌ی مرۆڤ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵیدایه‌ ئه‌توانین بڵێن وه‌ك ئه‌ندامه‌كانی لاشه‌یه‌تی، به‌ڵام له‌ ناخه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات واتا له‌ هۆرمۆنه‌وه‌ له‌ لوی لیك رژانه‌وه‌و تا ده‌گاته‌ وێناكانی مێشكی مرۆڤ بۆ چوارده‌وور.
شه‌هوه‌تی مرۆڤ له‌ خواردن و  سێكسه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات بۆ ئه‌و كه‌ره‌سه‌و ئامێرانه‌و ته‌نانه‌ت قسه‌كردن و ئاخفتنیش، زانایانی ده‌روونناسی و زانایانی زانستی ره‌وشت ئاماژه‌یان بۆ كردوه‌، به‌ڵام ئه‌م شه‌هوه‌ته‌ ده‌بێت ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت و نابێت جڵه‌وی بۆ شل بكرێت، چونكه‌ شه‌هوه‌ت وه‌ك  به‌نزینی  سه‌یاره‌ وایه‌، ئه‌گه‌ر به‌كارهات له‌بواری خۆیدا كرایه‌ ناو ته‌نكی به‌نزینی سه‌یاره‌كه‌  به‌سولف به‌نزینكه‌ كه‌وته‌ سوتاندن بۆ ئه‌وه‌ی مه‌كینه‌ی سه‌یاره‌كه‌ بخاته‌ ئیش، تا بتباته‌ ئه‌و جێگایه‌ی كه‌ مه‌به‌سته‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌نزین له‌ جێگایه‌كدا دابنرێت ته‌نها به‌ بزیسكی ئاگر كه‌ بچوكترین به‌شی ئاگربێت هه‌موو به‌نزینه‌كه‌ ده‌سوتینێت، بێ ئه‌وه‌ی سودی گه‌یاندبێت هه‌موو ئه‌و وزه‌ی به‌نزینه‌ له‌ده‌ست ده‌رده‌چیت.
كه‌واته‌ نمونه‌كه‌ له‌ نێوانی سێكسی ژن و پیاودا دێنمه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ژن پیاو هاوسه‌رگیریان كردبوو له‌گه‌ڵ یه‌ك خه‌وتن ئه‌وا شه‌هوه‌ته‌كه‌یان باش به‌كارهێناوه‌، پێچه‌وانه‌كه‌ی هه‌ر هه‌مان كرداره‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی ناڕه‌وا به‌كارهاتووه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری خیانه‌تی نێوانی خه‌ڵكی متمانه‌ی له‌ نێوانی یه‌كتری  نامێنێت كه‌ هه‌روه‌ك له‌ رۆژئاوا نه‌ماوه‌ به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ شه‌هوه‌ت هیچ یاسایه‌كی ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هیچ عورفێك پابه‌ندیان ناكات.
شه‌هوه‌تی خواردن بۆ پاراستنی مرۆڤه‌، شه‌هوه‌تی سێكس بۆ پاراستنی ره‌گه‌زی مرۆڤه‌.. كه‌واته‌ شه‌هوه‌ته‌كان هۆكاری پاڵنه‌ری ژیانه‌ به‌ هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌، به‌ڵام گرنگه‌ مرۆڤ بتوانیت جڵه‌وی بگرێت به‌ یاساو ده‌ستورێك ئه‌م شه‌هوه‌تانه‌ بخاته‌گه‌ڕ.

بۆ ئافره‌تم به‌ شه‌هوه‌ت هه‌ژمارد كرد؟
 له‌به‌رئه‌وه‌ی ئافره‌ت ڕه‌گه‌زێكی زۆر جوان و نه‌رم و ناسكه‌ له‌ هه‌ست و سۆزی ته‌نانه‌ت له‌ لاشه‌و فیزیكیشدا، به‌ڵام پیاو حه‌زی به‌ شه‌هوه‌تی ئافره‌ته‌ وه‌ك سێكس كه‌متر هه‌ستی بۆ خۆشه‌ویستی ده‌جوڵێت، ته‌نها ده‌یه‌وێت حه‌زه‌كه‌ی خۆی تێربكات، زۆر جار  بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و حه‌زه‌ی درێژه‌ی پێبدات، خه‌یاڵی لای سه‌یاره‌و بازارو دوكان سیاسه‌ت و ململانێكه‌یه‌تی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ئه‌نجامیده‌دات، ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ پیاو كه‌متر هه‌ستی خۆشه‌ویستی ده‌جوڵێت زیاتر هه‌ستی حه‌زی شه‌هوانی بزوێنه‌رتره‌ تا خۆشه‌ویستی، به‌ڵام ئافره‌ت ڕێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و كاره‌ی پیاوه‌ له‌ سایكۆلۆژیه‌تی خۆیدا، ئه‌و كاته‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ ئافره‌تدا حه‌زی ده‌جوڵێت شه‌هوانی ده‌بێت له‌به‌رزترین لوتكه‌ی خۆشه‌ویستیدایه‌ بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی یاخود خێزانه‌كه‌ت، چونكه‌ ئافره‌ت خۆشه‌وسیتی لای ئه‌و باڵا ترین پله‌ی شه‌هوه‌ته‌، به‌ڵام پیاو به‌س تێركردنی غه‌ریزه‌كه‌یه‌تی كه‌ به‌رزترین پله‌یه‌، مانای ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ ئه‌مه‌ بۆ پیاو نه‌نگیه‌و بۆ ئافره‌ت ئیمتیاز، به‌ڵكو سروشتی ژیانیان وا هه‌ڵكه‌وتوه‌ ئه‌گه‌ر عیباره‌ته‌كه‌ ته‌واببێت، یان ڕاستر بڵێم خوای گه‌وره‌ به‌و شێوه‌یه‌ ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌ی دروست كردوه‌ له‌ مرۆڤ، به‌ڵام به‌ یه‌كسانی له‌ مافدا به‌ڵام له‌ئه‌رك دا جیاوازن ئیسلام باش ئه‌م دیده‌ی روون كردۆته‌وه‌ بۆمان..
بۆ ئه‌وه‌ی باشتر وێنای بكه‌م بۆتان، له‌ ئیسلام دا به‌م شێوه‌یه‌ سه‌یری ئافره‌ت ده‌كرێت (چۆن شه‌و هه‌یه‌ پێی ده‌وترێت زه‌مه‌ن، رۆژیش به‌ هه‌مان شێوه‌ پێی ده‌وترێت زه‌مه‌ن، هه‌ریه‌ك له‌م زه‌مه‌نانه‌ تام و چێژی خۆی هه‌یه‌، ئافره‌ت و پیاو هه‌ریه‌ك له‌م دوو ره‌گه‌زه‌ پێیان ده‌وترێت مرۆڤ، كه‌سیان له‌ مرۆڤایه‌تیان كه‌م نابێته‌وه‌ به‌ هۆكاری ره‌گه‌زه‌كه‌یه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ئایه‌ته‌كاندا باسی كراوه‌ به‌ دوورو درێژی، كه‌واته‌ مافی گشتی پیاو و ژن وه‌ك یه‌كن بێ جیاوازی، به‌ڵام كاتێك دێته‌ سه‌ر ورده‌كاری ژیانی ئافره‌ت سروشتی.. زۆر له‌ پیاو جیاوازتره یاخود پێچه‌وانه‌كه‌یه‌تی، بۆ نمونه‌ كه‌ باس له‌ ئافره‌ت ده‌كه‌ین هه‌میشه‌ بیری ئه‌و ناسكه‌، خه‌یاڵی لای ڕه‌نگی جوان و سوور و په‌مه‌ی و بۆنی گوڵ هه‌موو شتێكی ناسكه، به‌ڵام پیاو له‌ بیرو خه‌یاڵیدا هه‌میشه‌ بیری لای پاره‌ په‌یدا كردن، ده‌ڕنه‌فیز، پلایس، زیندان، سیاسه‌ت، تۆڵه‌ كردنه‌وه‌، هه‌وڵی زیاتر، هه‌موو شتێكی زبر، هه‌رچی ئافره‌تێكه‌ ده‌یه‌وێت پیاو بێنێته‌ ناو دنیای خۆی، هه‌رچی پیاوه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ ئافره‌تان بهێنێته‌ ئه‌و دنیایه‌ی خۆی، لێره‌دا ئیسلام ئه‌م پارسه‌نگی یه‌ ڕاگرتووه‌ هه‌ردووكیان ده‌بێت سنوری خۆیان بزانن، چونكه‌ دوو ره‌گه‌زی جیاوازن له‌ رووی لاشه‌یه‌وه له‌ رووی بیركردنه‌وه‌.. كه‌واته‌ زۆر كه‌م كردنه‌وه‌ی هه‌ردوولایانه‌ كه‌ مافه‌كانییان له‌ هه‌موو شتێكدا یه‌كسان بكرێن و هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز وه‌ك یه‌ك ته‌ماشا بكرێت، ئاخر چۆن ئافره‌تێك كه‌ له‌ماوه‌ی نۆ مانگدا منداڵێك به‌ سك هه‌ڵبگرێت پاشان مافی وه‌ك مافی پیاوێك بێت كه‌ نازانێت ئازاری چه‌نده‌ قورسه‌، یاخود پیاوێك هه‌موو قورسایی بژێوی ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی چۆن وه‌ك ئافره‌ت ده‌بێت سه‌یر بكرێت، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌م ته‌وه‌رانه‌ باس و خواس و توێژینه‌وه‌ی ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ناخی مرۆڤه‌كاندا ووتووێژی له‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام دروشم و ووته‌ی شاعیرانه‌ له‌ هیچ كۆمه‌ڵگایه‌كی ڕۆژئاوای و رۆژهه‌ڵاتیدا جێی نابێته‌وه‌، ئیسلامیش هاتووه‌ كه‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ ناخی مرۆڤدا ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌ڵكانێك سه‌رچاوه‌ی پێناسه‌كان له‌ خودی ئیسلامه‌وه‌ ناهێنن و هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن له‌ كۆمه‌ڵناسی و له‌ باری ده‌روونی مرۆڤه‌كاندا..
بۆ ئه‌وه‌ی ژیانمان به‌خته‌وه‌ر بێت له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كانماندا.. پێویسته‌ رۆشنبیریمان بكه‌ین به‌یه‌ك هه‌وڵ بده‌ین پارسه‌نگی له‌ نێوانی یه‌كتریدا ڕابگرین، هه‌ریه‌ك له‌ ئێمه‌ بزانین به‌رانبه‌ره‌كه‌مان چۆن بیر ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ ناكرێت من به‌ چاوی هاوڕێیه‌كی كوڕم  سه‌یری خێزانه‌كه‌م بكه‌م چۆن پێشتر  له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌فتارم كردوه‌ هه‌ر وابم یاخود خێزانم وه‌ك هاوڕێ ئافره‌ته‌كانی  بیر له‌ من بكاته‌وه‌، هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر جار شه‌هوه‌ته‌كه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری خیانه‌ت له‌ یه‌كتر كردن و ته‌نانه‌ت جیا بوونه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژن پیاو خوێندنه‌وه‌یان بۆ یه‌كتر نیه‌، به‌ بیروبۆچونی نوسه‌ر ژن پیاو بۆ ئه‌وه‌ی خۆش بژین حه‌زه‌كانیان  به‌رده‌وام بێت، ژیان به‌ ده‌میانه‌وه‌ پێبكه‌نیت پێویسته‌ چه‌ند خاڵێك له‌ خۆیاندا پیاده‌ بكه‌ن...

یه‌كه‌م : پاك و خاوێنی..
زۆر پیاو هه‌یه‌ بۆنی جگه‌ره‌و عاره‌قی بن باڵ و بۆنی گۆره‌وی و بره‌ونه‌دان به‌ خۆی وای لێده‌كات كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی ڕقی لێبێته‌وه‌ نه‌ توانێت گوێ بۆ بگرێت، یاخود ئافره‌ت هه‌یه‌ به‌ هه‌فته‌ خۆی ناشوات و هه‌میشه‌ بۆنی مه‌تبه‌خ و چه‌وری و پیازی لێدێت، ئیتر ئه‌و مێرده‌ هه‌ر تاقه‌تی ئه‌وه‌ی نامێنێت خواردنیش بخوات، پێوسته‌ ژن و مێرد هه‌میشه‌ پاك و خاوین بن به‌ ئاو خۆیان پاك بكه‌نه‌وه‌  خۆشترین بۆن بۆنی ئاوه‌، یاخود زۆر پیاو هه‌یه‌ سه‌یاره‌و خانوه‌كه‌ی بای چه‌نده‌ها ده‌فته‌ر پاره‌یه‌ وه‌ك ئێستا باوه‌ ده‌ڵێن كه‌چی دڵی نایه‌ت  بۆنێكی باش بكڕێت هه‌میشه‌ بۆن خۆش بێت، ئافره‌تیش زۆر جار پاره‌ له‌ شتی زۆر لاوه‌كی سه‌رف ده‌كات  هه‌موو شته‌كانی هه‌ڵگرتوه‌ بۆ بۆنه‌، له‌ڕاستیدا باشترین بۆنه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دڵی پیاوی خۆت خۆش بكه‌ی به‌ جوانترین شێوه‌ خۆت نیشانی هه‌وسه‌ره‌كه‌ت بده‌ی.

دووه‌م: توڕه‌ بوون
توڕه‌بوون یه‌كێكه‌ له‌و ده‌رده‌ كوشندانه‌ی كه‌ خێزان له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵده‌وشێنێت، پێویسته‌ پارسه‌نگی له‌ نێوانی ژن و مێرد بۆ توڕه‌ی  بدۆزرێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆر ناشرینه‌ كه‌ ئافره‌ت توڕه‌بێت، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ پیاو جوانه‌، نا  به‌ڵكو مه‌به‌ستم روونه‌ پێشتر ئاماژه‌م به‌ ناسكی و به‌ جوانی ئافره‌ت دا، توڕه‌یی هه‌رچی جوانی ئافره‌ته‌ له‌ ناوی ده‌بات، توڕه‌یی ئافره‌ت زیاتر پیاو توڕه‌ده‌كات، به‌ڵام توڕه‌ی پیاو به‌ سه‌لار و سه‌نگینی ئافره‌ت خه‌فه‌ ده‌بێت كۆتای پێدێت، سه‌رنجتان ڕاده‌كێشم بۆ ئه‌وه‌ی پیاو به‌ حوكومی ئه‌وه‌ی زیاتر به‌رپرسیاره‌تی له‌سه‌ر شانه‌ ناڵه‌و نركه‌ی زۆرتره‌، به‌ڵام پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش بزانێت ماڵوێرانی له‌ توره‌بووندایه‌، هه‌رگیز وانه‌كات به‌ توره‌بوونی له‌سه‌ر شتێكی سوربێت بۆ ئه‌وه‌ی مه‌جالی په‌شیمان بوونه‌وه‌ی بمێنێت، وای لێنه‌یه‌ت توره‌بوونی بۆی ببێته‌ سومعه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی كرد بۆ ئه‌وه‌ی به‌شی په‌یشمان بوونه‌وه‌ی تێدابهڵێته‌وه‌، له‌ كۆتایدا تۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر توڕه‌بیت به‌رانبه‌ر خۆشه‌ویسته‌كه‌ت ئه‌وا ته‌ره‌ ده‌بێت، جا خۆشه‌ویسته‌كه‌ت له‌ ده‌ست مه‌ده‌و با دوای بۆ توڕه‌بونێكی چه‌ند ساتی خه‌فتێكی درێژخایه‌ن نه‌چێژیت، ناخۆشترین ژیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژن و پیاو قسه‌ له‌یه‌ك داببڕن ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌ی یه‌ك سه‌عاتیش بێت، بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ توڕه‌بوون زۆر جار ده‌بێته‌ لێكترازانی خێزان، چاره‌سه‌ری توڕه‌ بوون ته‌نها ئیمانه‌.

سێیه‌م:  واز له‌ ئه‌ركی سه‌رشان بێنن ژن مێرد..
ئه‌و كاته‌ی كه‌ژن و پیاو پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن، وا هه‌ست مه‌كه‌ن كه‌ ئه‌ركه‌كان دابه‌ش ده‌كرێت، گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌میشه‌ ئافره‌ت ئاو بدات به‌ مێرده‌كه‌ی و به‌ ئه‌ركی سه‌رشانی بزانێت، یاخود وابزانێت به‌خێوكردنی منداڵ ئه‌ركی سه‌رشانیه‌تی، یان دروستكردنی نان و ڕازندنه‌وه‌ی ماڵ هه‌ر له‌سه‌ر ئافره‌ته‌، پیاوێش وابزانێت هه‌مووشته‌كانی تر ئه‌ركی سه‌رشانه‌ پێویسته‌ پیاو ده‌سته‌به‌ری بژێوی بۆ خێزانه‌كه‌ی بكات وه‌ك ئه‌ركی سه‌رشان، ئه‌م چه‌مكه‌ زۆر هه‌ڵه‌یه‌ وا ده‌كات له‌  پیاو و ژن لوت به‌رز ده‌ربچن له‌ ئاستی یه‌كتری، به‌ڵام چاره‌سه‌ری  ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ردولا  وا هه‌ست بكه‌ن  خێریان ده‌ست ده‌كه‌وێت له‌ كاتی هاوكاری كردنی یه‌كتردا، له‌كاتێكدا ئافره‌تێك په‌رداخێك ئاو ئه‌دا به‌ مێرده‌كه‌ی وا هه‌ست بكات به‌ندایه‌تییه‌ بۆ پاداشتی قیامه‌ت ئه‌و كارده‌كات، پیاویش به‌ هه‌مان شێوه‌، كه‌واته‌ له‌ پرۆسه‌ی ژن و مێردایه‌تیدا هیچ شتێك ئه‌ركی سه‌رشان نیه‌، به‌ڵكو هه‌موو به‌ندایه‌تی و بۆ رازی كردنی خوایه‌ له‌خۆت، ئه‌م چه‌مكه‌ به‌م شێوه‌یه‌ له‌ نێواندا هه‌ست پێكرا دڵنیا بن خێزانێكی زۆر نمونه‌ی  به‌رهه‌م دێت.

چواره‌م: ده‌ربڕینی خۆشه‌وستی بۆ یه‌كتری
دڵه‌كان له‌ نێوانی په‌نجه‌كانی خوای گه‌وره‌دایه‌، جا ئه‌گه‌ر مرۆڤ توانی خوا له‌ خۆی رازی بكات وابكات خوا خۆشی بوێت ئه‌و ده‌توانێت خۆشه‌ویستی خه‌ڵكی تریش به‌ده‌ست بێنێت، بۆ نمونه‌ خوا هه‌ر كه‌سی خۆشویست ئه‌وه‌ مه‌لائكه‌یت و خه‌ڵكی به‌ گشتی خۆشیان ده‌وێت، خوای گه‌وره‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆش ده‌وێت كه‌ رێز له‌ هاوسه‌ره‌كانیان ده‌گرن، پێغه‌مبه‌ر(صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  وه‌سێتی كردوه‌ بۆ خه‌ڵكی كه‌ به‌رانبه‌ر به‌ خێزانه‌كانتان باشبن.

 چۆن  ده‌توانین خێزانه‌كانمان خۆش بوێت؟
خوێنه‌ری ئازیز: سونه‌ته‌ مرۆڤ سێ پارو بكات به‌ده‌م هاوسه‌ره‌كه‌ی یاخود مێرده‌كه‌ی- پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) كردویه‌تی باشترین بواره‌ بۆ دروستكردنی خۆشه‌ویستی، پیاوان زۆر زه‌روره‌ به‌گیان هاوسه‌ركانیان بانگ بكه‌ن، یاخود نازناوێكی جوانی بۆ دابنێ بانگی بكات به‌گوڵه‌ به‌ ڕێحانه‌  به‌ نازناوێكی جوان، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر خۆشه‌ویستی دروست بێت، ئه‌م كرداره‌ زیاتر ده‌بێت پیاو ئه‌نجامی بدات، چونكه‌ ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی سه‌ره‌تاكه‌ی پیاوه‌ كه‌ ئه‌نجامیدا ئافره‌ت ده‌ریایه‌ك له‌ خۆشه‌ویستی خۆی بۆ پیاوه‌كه‌ی ده‌رده‌برێت، بیركردنه‌وه‌ی   ئافره‌ت زۆر سه‌یره‌ چونكه‌ ناسكه‌ و خاوه‌نی سۆزی زۆره‌ پیاو  ئه‌گه‌ر به‌ كیلۆ ئاڵتونی بۆ بكرێت یاخود له‌هه‌موو پێداویستیه‌كانی ژیان له‌ماڵه‌كه‌یدا بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی  ده‌سته‌ به‌ر بكات ناكاته‌ ئه‌وه‌ی  كه‌ به‌ ده‌م پێبڵێ خۆشم ده‌ویت یاخود گوڵێكی بداتێ، كه‌واته‌ ئافره‌ت بونه‌وه‌رێكی زۆر ناوازه‌یه‌  شایسته‌ی ئه‌وه‌یشه‌ كه‌  پێی بڵێی خۆشمده‌وێت، خۆشه‌ویستی بۆ ده‌ربڕی، زۆر جار پیاوان شه‌رم ده‌كه‌ن له‌ ده‌ربڕینی ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌، لێره‌دا ده‌بێت ئافره‌تان هاوكاریان بن تا بتوانن ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ ده‌رببڕن، چه‌ند جارێك له‌ بۆنه‌كاندا بیده‌ن به‌ گوێ پیاوه‌كانیاندا كه‌ بڵێن بۆ خوشه‌ویستی ده‌رنابڕن بۆمان..
به‌ڵام له‌چه‌ند حاله‌تێكدا مه‌یڵێن؛ بۆ نمونه‌ له‌سه‌ر جێگا و له‌كاتی جوت بوندا، له‌كاتێكدا وه‌ك ته‌عن و ته‌علیق لێدان پێی بڵێیت واتا به‌ ته‌وس و بوخزه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیشكێنیت ئه‌وه‌ زۆر ترسناكه‌ به‌رانبه‌ر به‌ پیاو، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ مه‌به‌ پیاو بۆت دوباره‌ بكاته‌وه‌، چونكه‌ كه‌سایه‌تی پیاو ڕه‌قه‌ تۆ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی نه‌رمی كه‌یت ئه‌وه‌نده‌ی تر ره‌ق تر ده‌بێت، پیاوانیش پێویسته‌ له‌و لوت به‌رزیه‌یان بێنه‌ خواره‌وه‌ تۆزێك مته‌وازع بن، ئافره‌تانیش ته‌قدیری ته‌وازعی پیاوانیان بگرن.

پێنجه‌م: پاراستنی كه‌سایه‌تی یه‌كتری..
ئه‌وه‌ی كه‌ خێزان سوك ده‌كات ژن و پیاو ئه‌رزشیان لای یه‌كتر نامێنێت بریتیه‌ له‌باس كردنی یه‌كتری له‌ ناو مه‌جلیسی گشتیدا، ئه‌وه‌ گلییه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی له‌ یه‌كتری بكه‌ن لای هاوڕێ و كه‌سوكاری یه‌كتر باسی ده‌كه‌ن پێویسته‌ به‌ یه‌كتر بوترێت نه‌ك خه‌ڵكی بێگانه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری روخانی خانه‌واده‌ و پچرانی شیرازه‌ به‌ ته‌واوه‌تی، ئه‌گه‌ر پیاو و ژن باسی یه‌كتریان كرد، ناچار هه‌ریه‌ك لای خه‌ڵكانی تر  پاساو بۆ خۆی ده‌هێنێته‌وه‌ به‌رانبه‌ری ناشرین ده‌كات، له‌كاتێكیشدا هیچ كه‌س له‌وانه‌  كه‌ دوورن له‌ خانه‌واده‌كه‌وه‌ ته‌نها به‌ بچوكی ئه‌و دووكه‌سه‌ ده‌بینن  و دوای له‌ ناو خه‌ڵكی تریشدا لۆمه‌كراو ده‌بن، جا هاوسه‌ره‌كان ئاگاداری ئه‌وه‌بن هه‌رگیز لای خه‌ڵكی باسی یه‌كتر مه‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ناشرین نه‌بن ڕقتان به‌رانبه‌ر یه‌كتر زیاد نه‌كات، ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌بوو له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌ باوك دایكی یه‌كتری بڵێن، ئه‌گه‌ر دایك و باوك له‌ ئاستی ئه‌وه‌دا نه‌بوون ئینجا به‌ كه‌سێكی پسپۆر له‌ بواری كۆمه‌ڵایه‌تیدا بڵێن، ده‌بێت بزانن ئه‌وكه‌سه‌ كه‌ كێشه‌كه‌ی بۆ باس ده‌كه‌ی له‌ ئاستی ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ بتوانیت كێشه‌كه‌ت بۆچاره‌سه‌ر بكات، ئه‌گه‌ر نا ده‌بێت بیهێڵیته‌وه‌ به‌ نهێنی، له‌ هه‌مووی نه‌نگی تر ئه‌وه‌ی كه‌ باسی تایبه‌تمه‌ندی یه‌كتر بكه‌ن بۆ خه‌ڵكی، ئه‌و واده‌كات له‌به‌رچاوی خوا و خه‌ڵكیشادا سوك بن.

شه‌شه‌م: هونه‌ری جوت بوون..
ئه‌م هونه‌ره‌ زۆر خۆشه‌و زۆر گرنگیشه‌، به‌تایبه‌ت ده‌بێت ئافره‌ت خاوه‌نی رۆشنبیری بێت له‌م بواره‌دا چونكه‌ پیاو وه‌ك كه‌ڵه‌شێر وایه‌ به‌ زووی له‌ كاتی سێكسكردندا زوو ته‌واو ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئافره‌ت جوڵێنه‌ری پیاو نه‌بێت، ئه‌وه‌ پیاو زوو  ئاره‌زوه‌ی داده‌مركێته‌وه‌، پاشان حه‌زی ده‌چێته‌ سه‌ر ئافره‌تانی تر ئه‌گه‌ر هاوسه‌ركه‌ی له‌ ئاستی پێویستدا نه‌بوو، له‌ ڕاستیدا ئه‌گه‌ر ئافره‌ت ئاره‌زوو بكات وا ده‌كات له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی  له‌ خۆی زیاتر ئاره‌زوی بۆ هیچ كه‌سی تر نه‌جوڵێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ زۆرێك له‌ خه‌ڵكی هه‌میشه‌ كێشه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌  ئافره‌تانیان به‌ گوێره‌ی پێویست حه‌زه‌كانیان تێر ناكه‌ن، زۆرێك له‌ جیابونه‌وه‌یش لای مه‌لا كان و ته‌نانه‌ت له‌ دادگادا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئافره‌تان له‌ ئاستی پێویستدا نین، زۆر جار پیاوان كه‌ په‌نا ده‌بن بۆ دوو ژن سێ ژن هۆكاره‌كه‌ی هه‌ر سێكسه‌، بۆیه‌ رووم كرده‌ ئافره‌ت له‌م خاڵه‌دا، چونكه‌ بزوێنه‌ری سه‌ره‌كی خودی ئافره‌ته‌كه‌یه‌ ده‌توانیت پیاوه‌كه‌ی  بۆ چه‌ند جارێك ئاماده‌ بكاته‌وه‌ بۆ سێكس، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ك سه‌رین  و به‌رد له‌به‌رده‌ست پیاوه‌كه‌یدا كه‌وت.. ئه‌وا ناچار پیاوه‌كه‌ له‌ كاتی جوت بوویندا ڕاسته‌ به‌لاشه‌ لای خێزانه‌كه‌یه‌تی به‌ڵام به‌ خه‌یاڵ به‌ دڵنیایه‌وه‌ له‌ جێگایه‌كی تره‌، هه‌رگیز ئافره‌تان مه‌هێڵن پیاوانتان خه‌یاڵیان بڕوات، پیاوش پشكی زۆری به‌رده‌كه‌وێت لێره‌دا پێویسته‌ حه‌زی هاوسه‌ره‌كه‌ی ببزوێنێت..  سه‌ره‌تا له‌ خۆشه‌ویستییه‌وه‌ ده‌ست پێبكات ته‌نانه‌ت گۆرانیشی بۆ بڵێت، جا ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌و  ئه‌وكاره‌ نه‌كه‌یت ئه‌ی بۆ كێ شیاوو په‌سه‌نده‌؟ ته‌نها خێزانه‌كه‌ت.

حه‌وته‌م: زانست و زانیاری و هۆشیاری..
هه‌موو ژن و مێردێك پێویستان به‌ پرۆژه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ هه‌یه‌ پێش ئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ ببنه‌ خاوه‌نی ژوری نوستن یان ژوری میوان یان مێزی نان خواردن یاخو هه‌ر پێداویستیه‌كی ناو ماڵ له‌ هه‌مووی گرنگتر پێكه‌وه‌نانی  پرۆژه‌ی كتێبخانه‌یه‌كه‌ له‌ ماڵدا، ئه‌گه‌ر ماڵ كتێبی تیدا نه‌بوو چۆن ئه‌م ژن و مێرده‌ ئاراسته‌ ده‌كرێن، گرنگه‌ له‌ ماڵدا چرای رووناكی كتێب بێت، چونكه‌ هه‌رچی كێشه‌یه‌ له‌ ناو كتێبدا چاره‌سه‌ری بۆ دۆزراوه‌ته‌وه‌، له‌پاشاندا ده‌بێت ئه‌و خێزانه‌ بزانن كام كتێب ده‌خوێننه‌وه‌ به‌ چی ئاڕاسته‌ی یه‌كتر ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ژیانێكی به‌خته‌وه‌ر به‌ده‌ست بێنن، ده‌بێت مه‌نهه‌جی ژیانی خۆیان له‌سه‌ر باشترین جۆری كتیب به‌رهه‌م بهێنن، ئه‌میش به‌ پرسیار كردن ده‌بێت له‌ خه‌ڵكانی پسپۆر، گرنگه‌ بزانی هێزو توانات به‌سه‌ر كام كتێبدا هه‌یه‌ ئه‌وه‌ بخوێنیته‌وه‌، بۆ نمونه‌ تۆ خۆت كه‌ له‌ مێژوو شاره‌زایت پێویست به‌وه‌ ناكات هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن كتێب ده‌خوێنیته‌وه‌  خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی كتێبی فه‌لسه‌فه‌ بیت، چونكه‌ لێی تێناگه‌یت و كات كوشتنه‌و سودیشت وه‌رنه‌گرت، له‌ هه‌موو خانه‌واده‌یه‌كدا ئه‌گه‌ر  دایك و باوك خاوه‌نی زانیاری نه‌بوون ئه‌وا منداڵه‌كان به‌ چاوی نه‌خوێنده‌واو جاهیل سه‌یری دایك و باوكیان ده‌كه‌ن قسه‌كانیان و ئامۆژگاریان هیچ كاریگه‌ری نابێت، ده‌ڵێت ئاخر دایكم و باوكم له‌ ژیانیاندا كتێبیكیان نه‌خویندۆته‌وه‌ چی ده‌زانن له‌ژیان، هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ منداڵ گوێ بۆ باوكو دایكی ناگرێت سه‌ره‌كی ترین هۆكار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناتوانیت وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی منداڵه‌كه‌ی بداته‌وه‌و له‌ ناخی تێناگات ئیتر بۆ دواجار منداڵاكان ئامۆژگاریشی  لێ وه‌رناگرن پێیانوایه‌ دایك و باوكیان جاهیله‌.

هه‌شته‌م: رێز گرتنی كه‌سو كاری یه‌كتر..
 هه‌موو كه‌سێك خانه‌واده‌ی خۆی لا خۆشه‌ویسته‌ حه‌ز ده‌كات خه‌ڵكی رێزیان لێبگرێت، كه‌واته‌ پیاو و ژن  پێویسته‌ ڕێز له‌ كه‌سوكاری یه‌كتری بگرن و چونكه‌ لای دایك و باوك و كه‌سوكاری یه‌كتری  به‌سه‌ره‌ وه‌ك تۆ جارێك وه‌ره‌ من جارێك دێم به‌و شێوه‌ به‌رخورد له‌گه‌ڵ یه‌كتر نه‌كه‌ن،  زۆر پیاو هه‌یه‌ سروشتی وایه‌ حه‌ز به‌ تیكڵاوی ناكات به‌ هه‌مانشێوه‌ ئافره‌تیش، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و كاره‌ بۆ یه‌كتر ئاسان بكرێت، ئه‌گه‌ر شاره‌زابوون له‌سایكۆلۆژیه‌تی یه‌كتر له‌م حاڵه‌ته‌دا پیاوه‌كه‌ یاخود ژنه‌كه‌ به‌رانبه‌ره‌كه‌ی ئیحراج بكات، به‌وه‌ی كه‌ تۆ ده‌جار برۆ لای كه‌سو كاری ئه‌و، ئیتر به‌رانبه‌ره‌كه‌ت هه‌ست پێده‌كات له‌ هه‌ر بواریكی ده‌رونیدا بێت، ئه‌و هه‌سته‌ی بۆ دروست ده‌بێت، چونكه‌ سروشتی مرۆڤ وا هه‌ڵكه‌وتووه‌ له‌لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ ئه‌ویش ده‌بێت وه‌ك وه‌رزش یه‌كتری له‌سه‌ر ڕابێهنن، مه‌رجیشه‌ په‌له‌ له‌ یه‌كتر نه‌كه‌ن ژن و مێرد ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌ چه‌ندین ساڵ چاره‌سار بكرێت كه‌ زۆر جار ده‌یان ساڵ ده‌خایه‌نێت، مه‌شڵێ ئاخر كێ توانای ئه‌و هه‌موو ئارامیه‌ی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كترتان خۆش بوێت ده‌بێت بتوانن رۆشنبیریتان بكه‌ن به‌یه‌ك تا بتوانن هاوكار بن له‌ ژیاندا، زۆر گرنگه‌ باسی كه‌سوكاری یه‌كتر به‌ سوكی نه‌كرێت له‌وپه‌ڕی ڕێزدا باسی دایك باوكی یه‌كتر بكه‌ن خۆشه‌ویستی بۆ هه‌موولاكان ده‌رببڕیت، چونكه‌ ژن و میردایه‌تی گه‌وره‌ترین پرۆسه‌ی خزمایه‌تیه‌.

نۆیه‌م: هه‌وڵ مه‌ده‌ بۆ ئه‌وه‌ی تاوان و  خه‌تا بخه‌نه‌ گه‌ردنی یه‌كتری
خێزانی سه‌ركه‌وتوو هه‌میشه‌ هه‌ست ده‌كات به‌وه‌ی كه‌ خه‌تاو تاوان لای شه‌یتانه‌وه‌یه‌  پیاو و ژن ده‌بێت ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كیان كرد نه‌یده‌نه‌وه‌ به‌ ناوچاوی یه‌كتریدا یه‌كتری پێبشكێنن، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر باسیش كرا ده‌بێت وه‌ك ئه‌زمون كه‌ هه‌ڵه‌كه‌ بدریته‌ په‌نای شه‌یتان و رێگا چاره‌ی بۆ بدۆزرێته‌وه‌، ناكرێت دایك و باوك بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی خۆیان باسی خراپه‌ی یه‌كتر بكه‌ن لای منداڵه‌كانیان، چونكه‌ دوایی منداڵه‌كان به‌سوك ته‌ماشای هه‌ردوكیان ده‌كه‌ن، كه‌سایه‌تیان له‌ ناو ده‌چێت، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ڵه‌ باس بكری به‌ڵام  بدرێته‌ په‌نای شه‌یتان و پاك و بێگه‌ردی خوا ده‌ست نیشان بكرێت، نه‌ دایك چپه‌ بكات بۆ منداڵی نه‌ باوك، چونكه‌ دوایی منداڵان سو‌ودو ئیستیفاده‌ له‌وه‌ وه‌رده‌گرن و منداڵه‌كان كاری خراپه‌ ده‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دایكه‌كه‌ یاخود باوكه‌كه‌ هه‌مان ره‌فتاریان كردوه‌ ئه‌وان به‌ نێگه‌تیڤ بۆیان باس كراوه‌ زۆر جار دایك و باوك شه‌رم ده‌كه‌ن كه‌ ئامۆژگاری منداڵه‌كانیان بكه‌ن ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی شیرازه‌ی خێزان بپچڕێت.

ده‌یه‌م: ئارام گرتن..
چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌یه‌ك پێویستی به‌ ئارامگرتنه‌، ئه‌و چه‌ند خاڵه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێدا له‌ رۆژێك و دوو رۆژدا به‌رهه‌م نایه‌ت به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ژیاندا ده‌ڕوات  پێویسته‌  خێزانی سه‌ركه‌وتوو ڕه‌چاویان بكات ئارام بگرێت له‌سه‌ر هه‌ر خاڵێكی كه‌ هێشتا به‌رهه‌م نه‌هاتوه‌، مه‌رج نیه‌ هه‌موو ژن و پیاوێكیش بتوانن به‌یه‌كه‌وه‌ ژیان به‌رنه‌سه‌ر ئارام بگرن له‌گه‌ڵ یه‌كتری ئه‌گه‌ر ژیان  له‌گه‌ڵیاندا پێكه‌نی ئه‌مانیش با بۆی پێكه‌نن، ئه‌گه‌ر  هه‌ر ئاژاوه‌ ناڕه‌حه‌تی بوو ئه‌وا نه‌ ژن نه‌ پیاو گرنگتی له‌گه‌ڵدا نیه‌، ماڵ ئاوای له‌یه‌ك بكه‌ن به‌ رێزو حورمه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ناو كۆمه‌ڵگاشدا سوك نه‌بن، هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌موو خێزانه‌كان ده‌خوازم.

چـــاوه‌روان به‌ تكایه‌...

وتاره‌كان به‌شی (3)

بابه‌ته‌كانمان له‌ فێسبوك

به‌رێوبه‌ری ماڵپه‌ر nale muslim.
back to top